RSS

A Region and a Superpower: A Special Relationship

سه‌ردانی هه‌فته‌ی رابردووی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان دووپاتکردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه تایبه‌تییه‌ بوو که‌ له‌ نێوان هه‌رێمی کوردستانی عێراق و ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان دامه‌زراوه‌. سه‌رۆک بارزانی و شانده‌ یاوه‌ره‌که‌ی نه‌ته‌نها له‌ لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌رۆکایه‌تی سه‌رۆک ئۆبامه‌وه‌ پێشوازییان لێ ‌کرا، به‌ڵکو هه‌روه‌ها پێنج رۆژی چڕوپڕمان به‌ کۆبوونه‌وه‌ به‌سه‌ر برد له‌ واشینگتۆنی پایته‌خت له‌گه‌ڵ هه‌ره‌ پایه‌به‌رزه‌کانی سیستمی سیاسی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان. له‌ نێو ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌دا بانگهێشتێکی نیوه‌ڕۆخواردنی تێدا بوو‌ له‌ لایه‌ن جێگری سه‌رۆک جۆ بایدن، و هه‌ڤدیتن له‌ بینایه‌ی کاپیتۆڵی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌گه‌ڵ به‌رپرسان له‌ کۆنگرێس به‌ میواندارێتی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران خاتون نانسی پیڵۆسی

له‌ هه‌موو کۆبوونه‌وه‌کاندا، دۆسته‌ ئه‌مریکاییه‌کانمان جه‌ختیان له‌ په‌یوه‌ندی درێژخایه‌نی نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان و گه‌لی کوردستانی عێراق ده‌کرده‌وه، له‌وه‌ش پڕبایه‌ختر، له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆکایه‌تیدا، په‌یوه‌ندی نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان و کوردستانی عێراق به‌ پله‌ی هه‌ره‌ ‌پێشه‌نگێتی ئیداره‌ی ئۆباما دانرا

سه‌رۆک بارزانی بۆ وه‌ڵامی یه‌ک پرس گه‌یشتبووه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان: ئایا کشانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق مانای پاشه‌کشه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌ له‌ پابه‌ندێتی و به‌شداریی له‌ به‌رامبه‌ر عێراق و کوردستان؟ له‌ کۆبوونه‌وه‌کانماندا، “نه‌خێر”ێکی به‌هێزمان گوێ لێ بوو‌. به‌رده‌وام پێمان ده‌گوترا که‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ په‌یوه‌ندی و هاوکارییکردنی هێزه‌ سیاسییه‌کانی عێراق بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر جیاوازییه‌کاندا. ئیداره‌ی ئۆباما هه‌روه‌ها خوازیاری خۆی ده‌ربڕی بۆ بینینی به‌رده‌وامێتی گه‌شه‌سه‌ندن و بوژانه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان، و هاوکات درێژه‌دان به‌ رۆڵی پێشڕه‌وانه‌ی له‌ دیموکراتیزه‌کردنی عێراقدا

ئه‌وه‌ی بۆ من له‌ هه‌مووی زیاتر مایه‌ی دڵخۆشی بوو، وه‌نه‌بێت هه‌ر ته‌نها پابه‌ندێتی به‌رده‌وامی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان یان ته‌نها پێزانینی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان بوو بێت به‌ به‌شداریی ئه‌رێنییانه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ عێراق. به‌ڵکو، بریتی بوو له‌و حه‌قیقه‌ته‌ی که‌ دواجار وا ده‌بینم په‌یوه‌ندییه‌کی تایبه‌تی له‌ نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان و کوردستان ره‌گی داکوتا – ره‌گێك که‌ تێده‌په‌ڕێت له‌ په‌یوه‌ندی تاکتیکی و موجامه‌له‌، به‌ره‌و په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌و و ستراتیجی. په‌یوه‌ندییه‌ک که‌ تێیدا نیگه‌رانییه‌ هاوبه‌شه‌کان تاوتوێ ده‌کرێت و ستراتیج بۆ ئامانجی هه‌ردوولا و به‌ره‌وپێشچوون داده‌ڕێژرێت

په‌یوه‌ندی نێوان هێزێکی مه‌زن و هه‌رێـمێك له‌ وڵاتێک که‌ به‌ قۆناغێکی ئینتقالیدا تێده‌په‌ڕێت، نابێت به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت. وه‌نه‌بێت هه‌موو سه‌رانی ده‌وڵه‌تان، یان سه‌ره‌ک وه‌زیرانی، بۆ نموونه‌، سکۆتلاند، کیوبیک یان هه‌رێمی تری فیدراڵی، داوه‌تنامه‌یان بۆ سه‌ردانی نووسینگه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان پێبگات. بۆیه‌، ئه‌رکی سه‌رشانمانه‌ جه‌خت له‌وه‌ بکه‌ینه‌وه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌ چرۆ ده‌کات. پێویسته‌ جه‌خت له‌وه‌ بکه‌ینه‌وه‌ دۆستایه‌تی و هاوکاری ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ مێژوویه‌کی پڕ تراجیدیا، ناپاکی و هه‌ڤاڵبه‌ندی، بۆ پێشه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت به‌ره‌و به‌دیهێنانی ئاواتی ئاینده‌ی به‌هات و گه‌شاوه‌ بۆ گه‌له‌که‌مان.


Your Comment